
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاڤا لە پەیامێکدا لە تۆڕی X رایگەیاند، “سوپاسی قووڵی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو دەوڵەت و لایەنە نێوەندگیرانە دەکەین لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا و فەرەنسا کە هەوڵێکی کاریگەرییان دا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا.”
دەشڵێت، رێكکەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری، هیوادارین رۆڵێکی یەکلاکەرەوە ببینێت لە پرۆسەی یەکگرتنەوە. هاتنە ناوەوەی هێزی ئەمنیی بۆ دڵنیاییدانە لە جێبەجێکردنی پرۆسەی یەکخستنەوە، گرەنتییکردنی هەماهەنگی و پاراستنی شکۆی هەموو پێکهاتەکان.
ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت، “ئێمە پابەندبوونمان بە سەرخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوە بە شێوەیەک دووپات دەکەینەوە کە خزمەت بە یەکڕیزیی سوریا بکات و ئاشتیی مەدەنی بەهێز بکات و قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و گەشەسەندن دامەزرێنێت و گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی خەڵکی عەفرین و سەرێکانی بۆ ناوچەکانیان مسۆگەر بکات.”