رۆژئاوای کوردستان توانای هەیە ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ؟

رۆژئاوای کوردستان، لە رووی جوگرافی و ئابورییەوە چەندین خاڵی بەهێزی هەیە کە وای لێبکەن، بگاتە ئاستی خۆبژێوی و بۆ بوون بە هەرێمێکی سەربەخۆ، ناوچەیەکی شیاو بێت.

هەریەکە لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، کە لە رۆژئاوای کوردستانن، خاوەنی زەوییەکی زۆر بەپیتن بۆ کشتوکاڵ، بەتایبەتیش بۆ گەنم و جۆ، لەلایەکی دیکەشەوە، هەریەکە لە ناوچەکانی رمێلان و شەدادی، دەوڵەمەندن بە نەوت و گاز.

لەپاڵ ئەمانەشدا، رووباری فورات سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ئاوە و لە باکووری کوردستانەوە، داخڵی ناو رۆژئاوای کوردستان دەبێت و دواتر بەناو خاکی سوریادا درێژدەبێتەوە، تا دەگاتە ناو خاکی عێراق.

رۆژئاوای کوردستان خاوەنی هێزێکی شەڕڤانی تۆکمەیە بەناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە بە (هەسەدە) ناسراوە و بەرگریی لە هەژموونی خۆی دەکات لەناو ئەو خاکەدا و هاوشێوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ مانەوەی هەمیشەیی کورد لە ناوچەکە بەگشتی و سوریا بەتایبەتی، دەجەنگێت.

لەگەڵ ئەم خاڵە ئەرێنی و بەهێزانەدا کە سوودیان بۆ ئابوریی جوگرافیای رۆژئاوای کوردستان هەیە، بەڵام چەندین خاڵیش هەن کە دەبنە بەربەست لەبەردەم بوون بە هەرێمێکی سەربەخۆ و بوونە خاوەنی ئابوریی سەربەخۆ، دیارترینیان ئەو فشارە سیاسی و سەربازییانەیە کە لە ناوچەکەدا هەن؛ ئامادەنەبوونی تورکیا و سوریا بە بوونی هەرێمێکی دیکەی کوردی لە ناوچەکەدا، بەتایبەتیش رۆژئاوا، کە لە رووی جوگرافییەوە، لەنێوان هەردوو وڵاتدایە و سەر بە سوریایە.

شارەزایان دەڵێن، لە رووی تواناوە بۆ گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی و بوونە خاوەنی هەرێمێک و ئابورییەکی سەربەخۆ، رۆژئاوا ئەو توانایەی هەیە، بەڵام فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان رێگرن لەمە، سەرەڕای ئەو خاڵانەی لە سەرەوە باسکران کە سەرجەمیان، هۆکار و ئاماژەن بۆ بەهێزیی ئابوریی رۆژئاوای کوردستان.