ئەمساڵ هەموو حاجیان بە رێگەی ئاسمانی گەشتی حەج دەکەن

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ رێگەی وشکانی نییە و هەموو حاجیان بە رێگەی ئاسمانی گەشتی حەج دەکەن.

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بەستوون میدیای راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ساڵی رابردوو ئەزموونێکی سەرکەوتوومان هەبوو لە رێگەی وشکانی، بەڵام ئەمساڵ سەرجەم حاجیان لە هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی ئاسمانی گەشتی حەج دەکەن.

هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە رێگەی ئاسمانی و وشکانی لە رووی تێچووەوە، “جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە و بە رێگەی ئاسمانییش، گەیشتن بە سعودیە ئاسانترە و کاتێکی کەمتری پێدەچێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە حکومەتی عێراقیش جێبەجێیکردووە، بەڵام نزیکەی پێنج هەزار حاجی لەو پارێزگایانەی عێراقەوە کە نزیکن لە سعودیە، بە رێگەی وشکانی گەشت دەکەن.