سوودانی بۆ ئەحمەد شەرع: دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا پارێزراو بێت

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کۆماری عەرەبیی سووریاوە پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا دۆخی ئەمنیی ناوچەکە تاوتوێ کرا و بەغدا جەختی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و مافی سەرجەم پێکهاتەکان کردەوە، لە بەرامبەردا دیمەشق خواستی خۆی بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان نیشان دا.

محەممەد شیاع سوودانی، پەرۆشیی عێراقی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا دووپات کردووەتەوە و جەختی لە گرنگیی گرتنەبەری ڕێگەی “دیالۆگ و گفتوگۆ” کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بەجۆرێک کە “مافی تەواوی پێکهاتەکانی گەلی سووریا مسۆگەر بکات و یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەریی دەوڵەت بپارێزێت.”