مەزڵوم عەبدی: بەزاندنی سنووری ناوچەکانمان هێڵی سوورە

جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی رایدەگەیەنێت، سڵاومان هەیە لە بەرخۆدانی خەڵک و شەڕڤانان، لە بەرگریکردن درێغی ناکەین.

جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “حکومەتی سوریا بەردەوامە لە هێرشە چڕەکانی بۆ سەر شارەکانی حەسەکە و دەوروبەری و شاری کۆبانی، هەروەها کشاوینەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن و پاراستنیان هێڵی سوورە، هەروەها لە بەرگریکردن لێیان درێغی ناکەین”.

وتیشی، “سڵاومان هەیە لە بەرخۆدانی خەڵک و شەڕڤانان لە هەموو ئەو ناوچانەی کە رووبەڕووی هێرشی دڕندانە و کوشـ.ـتن دەبنەوە دژ بە کورد”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەمپی هۆڵ لە ئێوارەی دوێنێوە رووبەڕووی هێرشی توند و هەوڵی هەڵکوتانە سەر دەبێتەوە، هەروەها دیمەشق وەڵامی هیچ کام لە دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەستی نەداوەتەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا راگەیەندراون.