
خوێندکارانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، مۆڵەتی 48 کاتژمێر دەدەینە د. عەلی قەرەداغی تا داوای لێبوردن بکات.
ئەو خوێندکارانە کە وەک خۆیان دەڵێن، ژمارەیان زیاترە لە دوو هەزار خوێندکار، لە بەیاننامەکەدا نووسیویانە:
– ئەوپەڕی توڕەیی و ناڕەزایی خۆمان بەرامبەر هەڵوێست و قسەکانی (د.عەلی قەرەداغی) رادەگەیەنین.
– خوێندکارانی سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی گەشەپێدان کە ژمارەمان زیاترە لە دوو هەزار خوێندکار، ئەوپەڕی دڵسۆزیمان بۆ خاک و نیشتمانی خۆمان رادەگەیەنین و قسەی ناڕەوا دژ بە میللەتەکەمان قبوڵناکەین.
– ئێمە کە زانکۆکەمان وەک سەرچاوەیەک بۆ زانست و فێربوون بینیوە، بەردەوام ناڕازی بووین لە بێهەڵوێستی و هەندێک لێدوانی عەلی قەرەداغی کە خاوەنی زانکۆکەمانە.
– کار گەیشتە دژایەتی و وەستانەوەی بەرامبەر نەتەوەکەی خۆی، بۆیە ئیدانەی ئەم هەڵوێست و لێدوانانەی دەکەین و لێرەوە مۆڵەتی 48 کاتژمێری پێدەدەین، تا پاشگەز ببێتەوە لە هەڵوێستەکانی و روونکردنەوە بدات لەسەر قسەکانی و داوای لێبوردن بکات، بە پێچەوانەوە بایکۆتی خوێندن لە زانکۆکە دەکەین و رێگە نادەین هیچ وانەیەک لەم شوێنە بوترێتەوە.