کەرکووک؛ ڕوبەڕوبونەوەی نێوان هاووڵاتییەک و گرووپێکی حەشدی شەعبی، دوو کوژراو و دوو برینداری لێکەوتەوە

ستوون ميديا: ئەحمەد عەلی

​کەرکووک — بەرواری ٢٠٢٤/١٠/١٦ لە ئەنجامی هەڵکوتانەسەر ماڵی هاووڵاتیەک لە گەڕەکی (پەنجا عەلی) شاری کەرکووک لەلایەن گروپێکی سەر بە حەشدی شەعبی یەوە، شەڕو پێکدادان ڕوویدا و لەئاکامدا دوو کەس کوژران کە یەکیَكيان خاوەن ماڵەکەیە و ئةوةى دیکەشیان ئەندامێکی ئەو گروپەی حشدی شعبی یە، هاوکات ژنی خاوەن ماڵەکە و ئەندامێکی تری گروپەکەش لەشەڕەکەدا برینداربوون.

​بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی پۆلیسی کەرکووک، ڕووداوەکە لەناو گەڕەکی پەنجا عەلی ڕوویداوە، کاتێک چەکدارانی سەر بە گروپێکی حەشدی شەعبی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتی (عومەر عەلی ئەحمەد ) لە کاتی چوونە ژوورەوەی چەکدارەکاندا، خاوەن ماڵ بە چەک بەرگری لە خۆیکردووە و ڕووبەڕوویان بووەتەوە، لە ئەنجامدا ئەندامێکی حەشدی شەعبی کوژراوە و چەکدارێکی دیکەیان بریندار بووە.

​دواتر لەلایەن گرووپەکەوە دەستڕێژی گوللە لە ماڵەکە کراوە، لە ئاکامدا خاوەن ماڵەکە ( عومەر عەلی ) گیانی لەدەستداوە و هاوسەرەکەشی بەناوی (بەهرە ئەحمەد فەرەج) بە سەختی بریندارکراوە.

​مقدم ( عامر نوری ) ، وتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لە لێدوانێکدا بؤ ستوون ميديا ڕایگەیاند: “تیمەکانی لێکۆڵینەوە پاش بەدواداچوونی مەیدانی، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارەکە، وتەی هاوسەری قوربانییەکەیان وەرگرتووە، بەپێی وتەی ژنە بریندارەکە، ئەوان پێشتر دانیشتووی شاری دوزخورماتوو بوون و هاوسەرەکەی و کوڕەکەی بە ناوی ( بیلال عومەر عەلی) ساڵانێکی زۆرە کاری ئاژەڵداری و شوانییان کردووە.

​وتەبێژەکەی پۆلیس لە زاری “بەهرە”وە، وردەکاریی زیاتری ئاشکراکرد و وتی: “هاوژینی ئەو پیاوە کوژراوە لە وتەکانیدا بۆ پۆلیس ڕوونیکردووەتەوە کە گرووپەکەی حەشدی شەعبی سەرەتا هاتونەتە سەر ماڵەکەیان لە دوزخورماتوو بۆ ئەوەی بیلال ببەن و لە ڕیزەکانیاندا چەکداری بکەن، بەڵام وەک هاوژینەکەی ئاشکرای کردووە مێردەکەی لەبەر پاراستنی گیانی کوڕەکەیان و شاردنەوەی لەو ماوەیەدا، پێی وتوون کوڕەکەیان لێرە نییە و لە شوانییە سێ ڕۆژی تر دێتەوە. بەهرە دەڵێت: ‘دوای سێ ڕۆژ چەکدارەکان گەڕانەوە و کاتێک زانیان کوڕەکەم بۆ شوانی نەڕۆشتووە، هەڕەشەی توندیان لێکردین کە دەبێت  بدۆزینەوە و ڕادەستیان بکەین.”

​پاش ئەو هەڕەشانە،چەندینجار هاتونەتە سەرمان تا  ناچار بووین دوزخورماتوو جێبهێڵین و بە نهێنی ماڵمان بگوازینەوە بۆ گەڕەکی پەنجا عەلی لە شاری کەرکووک.

​وتەبێژی پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو: “شایەتحاڵێکی نزیک لێیان و دانیشتووی دووزخورماتوو کە ناوەکەی لامان پارێزراوە، ڕاستی قسەکانی ژنە بریندارەکەی پشتڕاستکردەوە، کە چەندینجار ئەو گرووپەی بینیوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان.”

مقدم، عامر نوری زیاتر وتی: “بەپێی وتەی ژنە بریندارەکە، چەکدارەکان دوای ئەوەی دڵنیابوون لەوەی خێزانەکە لە ناوچەکە نەماون، دەستیان بە سۆراخکردن و بەدواداچوونی ورد کردووە تا لە گەڕەکی ناوبراو شوێنەکەیان دۆزیونەتەوە و بە چەکەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان.

​پۆلیسی کەرکووک ڕوونیشیکردەوە کە بە پشتبەستن بە تۆماری کامێراکانی چاودێری، شەڕو پاش هەڵکوتانە سەرماڵی هاوڵاتیەکە شەڕوپێکدادان دروست دەبێت و کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە.

​ هاوکات پۆلیس نیگەرانیی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند: “گرووپەکەی حەشدی شەعبی بە بێ گوێدانە یاسا و دەسەڵاتی پۆلیسی شارەکە، ڕێگرییان لە پێدانی زانیاری و ناوی قوربانییەکانی خۆیان کردووە، هەروەها هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن.”

​سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستیی هاوسەری خاوەن ماڵەکە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک ڕایگەیاندووة: ” دۆخی تەندروستی بریندارەکە جێگیرە و پزیشکەکانمان توانیان چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجام بدەن.”