ئەزمونە بێوێنەکەی د. بەرهەم وای لێدەکات

سەنتەری بێلفەر بۆ زانست و کاروباری نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، شانازییەوە ڕایدەگەیەنێت کە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح، ئەندامی باڵای سەنتەرەکە، وەک 12هەمین کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) دەستنیشانکراوە. ماوەی کارکردنی کە پێنج ساڵە لە مانگی داهاتوەوە دەستپێدەکات.

لایخۆیەوە میگان ئۆسۆلیڤان، بەڕێوەبەری سەنتەری بێلفەر، ڕایگەیاند، “ئەمە ساتێکی پڕ لە شانازییە بۆ سەنتەری بێلفەر، د. بەرهەم لە ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردودا بەشێکی ئازیز و گرنگی کۆمەڵگاکەمان بوە، و ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ئەو بەهرە ناوازانەی خۆی دەباتە نێو ئەم ئەرکە هەستیارە بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی “لاوازترین دانیشتوانی” جیهان. 

دەشڵێت، “د. بەرهەم، وەک سەرۆک دەوڵەتێکی پێشو و وەک کەسێک کە خۆی پێشتر پەنابەر بوە، دەزانێت ئاوارەیی چی لە خێزان و نەتەوەکان دەکات و ژیانی خۆی تەرخانکردوە بۆ دروستکردنی پرد لەو شوێنانەی کە کەسانی تر تەنها لێکترازان و دوبەرەکییان لێ دەبینی”.

هەروەها وتیشی، “ئەزمونە بێوێنەکەی لە بەڕێوەبردنی ململانێکان و بنیاتنانی دامەزراوەکان، وای لێدەکات ببێتە کۆمسیارێکی باڵای نمونەیی. نەتەوە یەکگرتوەکان نەدەیتوانی سەرکردەیەکی لەوە بە پرەنسیپتر، داناتر و دڵسۆزتر بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێرێت”.