
سەرباری کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەڵەب، هێشتا کۆنترۆڵی ڕووبەرێکی فراوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن.
یەکشەممە، 11 کانوونی دووەم، 2026، پێگەی هەواڵی سکاینیوز، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی “هێزەکانی سووریای دیموکرات چەندان ناوچەی ستراتیجی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان لە ژێر دەستدایە، گرنگترینیان ناوچەی دێرحافر لە 52 کیلۆمەتری شاری حەلەب، بەنداوی تشرین لەسەر ڕووباری فورات کە وێستگەیەکی ستراتیجی وزەی کارەبای وڵاتەکەیە و بە خاڵێکی سەربازیی گرنگ لەقەڵەم دەدرێت.
هاوکات، هەسەدە کۆنترۆڵی سەرجەم ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات، واتە گشت پارێزگای حەسەکە، زۆربەی پارێزگای ڕەقە و بەشێکی فراوانی پاریزگای دێرەزوور دەکات و کاروباری مەدەنی و ئەمنیی تایبەت بە خۆی بەڕێوە دەبات.
هەر ئەمڕۆ، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا لە دیمەشق، لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوە، کۆ بووەوە.
باراک، لایوایە، گرژیی و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی حەلەب، پێچەوانەی مەرجەکانی ڕێكکەوتنی هەسەدە و دەوڵەتی سووریا و ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانیی واشنتن. بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات، دان بە خۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، گوتیشی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لایوایە ئەم قۆناغەی ئێستا، هەلێکی خستووەتە بەردەم حکوومەتی سووریا بۆ دامەزراندنی سووریایەکی یەکگرتوو کە هەموو پێکهاتەکان بە ڕاستی بەشداریی تێدا بکەن و مافەکانیان دابین بکات.
یەکێتیی ئەورووپاش داوای لە حکوومەتی سووریا و هەسەدە کردووە بە زووترین کات دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە. گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕاگەیەنراوێکدا، داوای ڕاگرتنی شەڕی لە حەلەب و دەوروبەری کرد و جەختی لەسەر پاراستنی سەلامەتی دانیشتووانەکەی و گەیاندنی هاوکاریی بە پەلە کردەوە.