کەشناسیی هەرێمی کوردستان: شەپۆلێکی بەفربارین سەنتەری سێ پارێزگا دەگرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئێوارەی رۆژی دووشەممە شەپۆلێکی بەفربارین روو لە ناوچەکانی سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 12ی کانونی یەکەمی 2026، کاریگەریی شەپۆلێکی بەفربارین لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، ماوەی شەپۆلەکە تاوەکو شەوی چوارشەممە بەردەوامدەبێت و لە کاتەکانی بەیانی رۆژی پێنجشەممە کۆتاییدێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ناوچانەی بەرزیان هەزار مەترە لە ئاستی رووی دەریاوە بەفریان لێدەبارێت، هەروەها لە ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە، سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک ئەگەری بارینی بەفری تێدا دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شێوازی بارانبارین لەو چەند رۆژەدا نمەبارانی بەردەوام و هەندێک کات لێزمەباران دەبێت، بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی زاخۆ و راپەڕین، لەگەڵ بارانبارین، هەندێک کات هەورەبرووسکە دەبێت و خێرای با لە ڕۆژی سێشەممە زیاد دەکات بۆ سەروی 25 کم/ک.