
ستوون ميديا
پەیامنێرمان تەرزە محمد پێی ڕاگەیاندین شەڕەکە لە نێوان دوو بنەماڵەدا بووە، یەکێک لە بنەماڵەکان دەسەڵاتداری نێو هێزە ئەمنیەکان و سەر بە عەشیرەتی “جاف” ن.
پۆلیس هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت ؛ بەرواری 2026/06/01 لە ( گەڕەکی بنار) ی شاری ڕانیە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا ڕوودەدات و لە ئاکامدا دوو کەس لەیەکتری دەکوژن.
یەکێک لە کوژراوەکان پیاوێکە بەناوی ( جەلال رەسول احمد )، کوژراوەکەی تر ناوی ( ئەلەند هیوا محمد امین ) و ئامۆزایەکی برینداربووە بە ناوی ( هارون ئازاد محمد امین ) ئەفسەری ئاسایشە و سەر بە عەشیرەتی دەسەڵاتداری جافن.
پۆلیس دەڵێت؛ دوای ئەوەی تەرمی کوژراوەکانمان ڕەوانەی پزیشکی داد کرد و بریندارەکەش ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارەکە کرا، بەوردی لێکۆڵینەوەکانمان دەستی پێکرد.
وەک پۆلیس بۆ میدیاکانی ئاشکرا کردووە هۆکاری کێشەکە ئەوە بووە، کوڕێکی جەلال بەناوی ( محمد جەلال رەسول ) پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کچێکی ماڵە جافەکە بەناوی ( سۆنیا ئازاد محمد امین ) هەبووە کە خوشکی هارون بووە، هەرچەند محمد دوو جار دەچێتە خوازبێنی سۆنیا، بەڵام باوکی ناوبراو بە بیانوی ئەوەی کچەکەی داناوە لە هاوڕێیەکی خۆی مارە بکات، هەروەها خاوەن عەشیرەتن و ماڵی کوڕەکەش بە هاوشانی خۆیان نازانن ، ڕێگری دەکات و ڕەتی دەکاتەوە.
پۆلیس لە لێکۆڵینەوەکانیدا دەڵێت؛ سۆنیا خوێندکاری زانکۆی ڕاپەڕین بووە، محمد شۆفێری تاکسی بووە لە ئەنجامی هاتۆچۆ پێکردنی سۆنیا و چەند هاوپۆلێکی، یەکتریان ناسیوە.
وەک پۆلیس دەڵێت؛ کوڕ و کچەکەش ناچار لەترسی ئاشکرابوونیان، هەروەها مارە بڕینی لە پیاوێکی هاوڕێی باوکی و هەڕەشەکان لەسەریان هەڵهاتوون.
پۆلیس زانیاری دەستکەوتووە سۆنیا لە ماڵی براکەی دەبێت و پاش دەرچونی لەگەڵ محمد ی خۆشەویستی هەڵدێن.
هەر بۆیە پاش ئاشکرابونیان لەلایەن کەسوکاری کچەکە هەڵدەکوتنە سەرماڵی باوکی کوڕەکە و شەڕەکە ڕودەدات.
لەکامێرای چاودێری ماڵەکەوە دەرکەوتووە ئەوانەی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی محمد، باوک و مام و ئامۆزا و برای “سۆنیا”ن.
شایانی باسە پۆلیس نایشارێتەوە بەهۆی ئەوەی بنەماڵە جافەکە دەسەڵاتدارەو لە هەمانکاتدا باوکی کچەکە، ئازاد محمد پلەی ( عقید ) ە لە هێزەکانی پێشمەرگەو مامیشی ( هیوا محمد امین احمد )پلەی (نەقیبە) لە هەمان هێز، سەرباری ئەوەی ئامادە نین خۆیان ڕادەست بکەن و ملکەچی یاسا ببن، هەڕەشەی دۆزینەوەو کوشتنی سۆنیا و خۆشەویستەکەی دەکەن.