لە کەلار بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیيەوە سێ کەس دەکوژرێت

ستوون میدیا: كاروان جەمال

لە کەلار بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە سێ کەس دەکوژرێت و کەسێکی تریش بریندار دەبێت، یەکێک کوژراوەکان پاسەوانی بەرپرسێکە.

پۆلیسی کەلار لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە؛ بەرواری 22 / 08 / 2025 بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە چەند چەکدارێک لەگەڕەکی شێروانە ی شارەکە هەڵدەکوتنە سەر ماڵباتێک و لە ئەنجامی شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەیان باوک و کوڕێک بەناوەکانی ( حمید محمد سعید ) و کوڕەکەی ( بەڵێن حمید محمد سعید ) دەکوژن و ئەوانەی هەڵیانکوتاتە سەر ماڵەکەش کەسێکیان لێ دەکوژرێت بەناوی ( سەردار احمد رحیم ) کە پاسەوانی بەرپرسی ئاسایشی (ناحیەی عەربەت)ە، هەروەها برایەکی بەرپرسەکە لەشەڕەکەدا بەسەختی بریندار بووە.‌

پۆلیس دەڵێت؛ تەرمەکان ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە و بریندارەکەش لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەمان شار لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە.

پەیامنێرمان تەرزە فتاح دەڵێت؛ پۆلیس ئاشکرایکردووە، بەرپرسەکەی ئاسایشی عەربەت ناوی ( دارا ماجید ) ە. هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو خێزانەی پێشتر دانیشتوی شارۆچکەی عەربەت بوون.

بەپێی زانیاریی و بەدواداچوونی وردی پۆلیس ڕووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی پێشتر کۆمەڵایەتی بووە،لە ڕابردوودا کوڕێکی ماڵەکە بەناوی ( بێستون حمید محمد سعید ) ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ کچێک پێکهێناوە بەناوی ( شێنی ئەیوب محمد ) کە پێشتر ئەو بەرپرسەی ئاسایش چووەتە داوای و پێیان نەداوە.

وەک پۆلیس دەڵێت؛ ئەمەش کاردانەوەی بەرپرسەکەی لێ کەوتۆتەوە پاش لێدان و هەڕەشە، بەڵێن بەو بەرپرسە دەدات ژنەکەی تەڵاق بدات، بەڵام بێستون هەڵدێت.

کەسێکی نزیک لە بەرپرسەکەی ئاسایش کە ناوەکەی لای پۆلیس پارێزراوە ئاماژەی بەوەکردووە؛ دارا هەستی بەشکانی خۆی کردووە کە شێنێ شووی بە بێستون کردووە، هەربۆیە بۆ پارێزگاری کردن لە کەسایەتی و ناوبانگ و پۆستەکەی دەستبەردار نەبووە.

پاش ئەوەی دارا ماجید سۆراخی بێستون نازانێت، باوک و براکانی ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە لە ترسی هەڕەشەکانی ئەو بەرپرسە، لە ناحیەی عەربەتەوە ماڵیان دەگوازنەوە شاری کەلار و دوای دۆزینەوەیان هەڵدەکەوتنە سەریان و لەئەنجامی شەڕەکەش کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە.

پۆلیس نایشارێتەوە بەرپرسەکە بەهۆی دەسەڵاتەکەیەوە سەرباری ئەوەی هەڕەشەی دۆزینەوەی بێستون و کوشتنی دەکات، ئامادەش نییە خۆی ڕادەستی هێزەکانمان بکات و ملکەچی یاسا بێت.