گومرگی هەرێمی کوردستان: خواردن و دەرمان شموولی ئەسیکۆدا ناکات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان کە سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابورییە، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بڵاوکراوەیەکی دەستەی گومرگەکانی عێراق، سەبارەت بە شموولی بابەتەکانی “خۆراک و دەرمان” لە چوارچێوەی سیستمی ئەسیکۆدا و وەرگرتنی پێناس و باج بۆ حسابی گومرگەکانی عێراق یاخود باجەکان لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بڵاوکردەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، “بۆ سەرجەم بازرگانان و کۆمپانیاکان و ڕای گشتی ڕووندەکەینەوە کە ئەو بڵاوکراوەیە پێچەوانەی خاڵی 8ـه، لە بڕیاری ژمارە 569ـی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ کە ئاماژە بەوە دەدات وەرگرتنی پێناسی گومرگی لەو نووسینگە گومرگیانە دەبێت کە کەلوپەل و کاڵاکانی لێوە هاوردە دەکرێت.”

ئاماژە بەوەشدەدات، هەموو بازرگان و کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و خۆراک دڵنیادەکەینەوە کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان، ڕێکارەکان لە گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بەهەمان میکانیزمی پێشوو جێبەجێدەکرێن.