
لەدوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەچنە قۆناغێکی نوێی دانوستانەوە بە ئامانجی یەکلاکردنەوەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بەپێی دەستووری عێراق.
دوێنێ یەکشەممە دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەندکرد و جەختیکردەوە هەڵبژاردنەکە سەرجەم مەرجە دەستووری و یاساییەکانی تێدابووە.
بەپێی ماددەی 54 لە دەستووری عێراق، لەدوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان سەرۆککۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات کۆببێتەوە و سەرۆک و جێگرەکانی هەڵبژێرێت.
خالید وەلید مەرسومی ئەندامی هاوپەیمانێتی بونیادنانەوە و گەشەپێدان رایگەیاند، پێشبینیدەکرێت لەماوەی هەفتەیەکدا کاندیدانی پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلاییبکرێنەوە، هەرچەندە جیاوازی بیرورا هەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا لەوبارەیەوە.
هاوکات عەقیل رەدینی سەرۆکی هاوپەیمانێتی نەسر ئاشکرایکردووە، زیاد لە کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران هەیە، لەماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژدا یەکلاییدەبێتەوە.
لایەنە سونییەکان بەدەرنین لە گفتوگۆکانیان لە رێککەوتن بۆ کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لەو بارەیەوە سەڵاح دلێمی ئەندامی هاوپەیمانێتی عەزم دەڵێت، “ئێمە جارێ کار بۆ ئەوەدەکەین ماڵی سوننە یەکبخەین، دەمانەوێت کاندیدەکەمان تایبەتمەندی نیشتمانیی تێدابێت”.
لای خۆیەوە ئەحمەد هەرکی کادیری پێشکەوتووی یەکێتی رایگەیاندووە، “رۆژی سێشەممە یەکێتی و پارتی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستەکانی دیکەی عێراق کۆدەبنەوە”.
عەلی دیفاعی وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراقیش جەختیکردەوە، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لایەنە سیاسییەکانی کردووەتە دۆخێکەوە دەستوبرد بکەن لە یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانیان بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان.