کەشناسی: بەفر و سەرمای جەمسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی بەهێزی سەرمای جەمسەری و بڕێک بەفر و باران، هەرێمی کوردستان دەگرێتەوه.

محەمەد کەلاری، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 18ـی 1ـی 2026، نزمە پەستانێکی دەریای ناوەڕاست بێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە و باران و بەفر بە تێکەڵی لە دهۆک و زاخۆ ببارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش، بەفر دەبارێت، بە تێپەڕینی کات و لە درەنگانێکی ئێوارەی یەکشەممە یان شەوی یەکشەممە، ئەم شەپۆلە دابارینه درێژدەبێتەوه بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، مێرگەسۆر و دەڤەری باڵەکایەتی بەگشتی و پێشبینیی بەفربارین دەکەم بە رێژەی جیاواز و هەندێکجار تێکەڵ دەبارێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی دووشەممە 19ـی 1ـی 2026، تا رادەیەک گۆشەی شەپۆلەکە فراواندەبێت و ئەگەری بەفر و بارانی تێکەڵ لە هەولێر هەیە، هەروەها لە سۆران، پیرمام، شەقڵاوه، مێرگەسۆر، وەرتێ، شیلادزێ، ئامێدی، بامەڕنێ، سیدەکان، بالیسان و پێنجوێن، ئەگەری بەفربارین هەیە لە گەرمیان، کەرکوک، هەڵەبجه، ئیدارەی راپەڕین و سلێمانی، ئەگەری کڕێوەبەفر یان نمەباران هەیه، هەندێکجار لە قەڵادزێش ئەگەری بەفربارینی کەم هەیە، لە رانیەش بە تێکەڵ دەبارێت بەشێوەی ناوبەناو و هەندێکجار کڕێوەبەفر.

پێشبینیشدەکات، “لە رۆژی سێشەممە 20ـی 1ـی 2026، باراستەهەوا جەمسەرییەکه دەگاتە ناوچەکانمان و پلەی گەرمی بە رێڕەی زۆر بەرچاو نزمدەبێتەوە و ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری سلێمانی، هەڵەبجه، تەوێڵه، بیارە، پێنجوێن، بازیان، چەمچەماڵ، عەربەت، سەنگاو، ناحیەی سیروان، بەشێکی شارەزوور، ئیدارەی راپەڕین، بناری بەمۆ، زمناکۆ، گرپچنه، تیلەکۆ و شێخ تەویل هەیە، بەڵام بە مەرجی هەبوونی هەوری پێویست، بڕەکەشی زۆر نییە و هەندێک شوێن ناگاتە سپی بوونیش، تەنیا وەک بینین دەبینرێت که دەبارێت، درەنگانێکی ئێوارەی سێشەممە، کۆتایی بەو شەپۆلە بەفر و بارانه دێت”.

محەمەد کەلاری باسی لەوەشکردووە، لە ئەنجامی هاتنی باراستە هەوایەکی جەمسەریی، پێشبینیم وایە لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوه، هەوایەکی سارد شۆڕببێتەوه بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و پلەی گەرمی 7 پله دادەبەزێت و چەقی هێزی سەرماکه، دەکەوێته 20ـی 1ـی 2026، واتا رۆژی سێشەممە، پێشبینیم وایە بەشێکی ناوچەکانی وەک (سۆران، مێرگەسۆر، باڵەکایەتی، بارزان، ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک، قەڵادزێ، رانیه، پیرەمەگروون، شارباژێڕ، سیتەک، پێنجوێن، تەوێڵه، بیارە و پیرمام) و ناوچەکانی دەوروبەری، بەرزترین پلەی گەرمی لە رۆژدا بگاتە 1- بۆ 5- ژێر سفر. جگە لە باڵەکایەتی کە دەگاتە 12- ژێر سفر، هەرچی ناوچەکانی تریشە، لەنێوان 3 بـۆ 6 پله دەبێت و کەشێکی زستانی هەیە، هەر ئەو ناوچانەی سەرەوه، لەکاتی شەودا دەگاته 9- بۆ 16- ژێر سفر؛ لە سلێمانی، هەولێر، دهۆک، هەڵەبجه، گەرمیان و کەرکوکیش، لە شەودا کە نزمترین پلەیە، دەگاته 2- بـۆ 9- ژێر سفر.

ئەو شارەزایەی کەشناسی دەشڵێت، پێشبینیی روودانی بەستن و شەختەیەکی زۆر لە هەموو ناوچەکان دەکرێت و ئەم هۆشدارییەم تەنیا بۆ سەرمایە، نەک بەفر و بارانی زۆر؛ تکایە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، واتا 20 و 21ـی 1ـی 2026، زۆر ئاگاداری سەرمابن و سەردانی ناوچە شاخاوییەکان مەکەن و هیوام وایە کە پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن رابگەیەندرێت بەهۆی سەرماوه، بەتایبەت ئەو شوێنانەی لە سەرەوه نووسیومن له 20ـی مانگەوە هەر هەورێک لە ئاسمانی هەر شارێک بێت لە کوردستان، بەفر دەبارێت گەر هەورێکی کەمیش بێت. سەرما توندەکه رۆژی هەینی 23ـی 1ـی 2026 کۆتاییدێت، بەڵام شەوان هەر سارده.