
لە نێوان هۆشدارییەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بڕینی هاوکارییەکان و ململانێی ناوخۆیی ماڵی شیعە لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە تا گرێکوێرەی کاندیدکردنی ‘مالیکی’ نەکرێتەوە، پەرلەمان ناتوانێت هەنگاو بۆ قۆناغی دواتر بنێت.
شەممە، 7ـی شوباتی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکوومەتی عێراق رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمان و تەواوی کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیە ئەگەر بەڕێوەبچێت، بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە بەرنامەی کاردا نابێت.
باسی لەوەشكردووە، دواخستنی پرۆسەکە تەنیا پەیوەست نییە بە نەگەیشتنە رێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کاندیدێکی هاوبەش، بەڵکو هۆکارێکی سەرەکیی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لە نێو ماڵی شیعەدا.
ئەوەشیخستەڕوو، ئێستا بەهۆی “ڤیتۆی ئەمریکا”ـوە مشتومڕێکی توند لە نێو هێزە شیعییەکاندا هەیە سەبارەت بە کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران. ئەمەش وای کردووە کە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش پەک بکەوێت، چونکە بە پێی دەستوور، یەکەم ئەرکی سەرۆک کۆمار دوای هەڵبژاردنی، راسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و تا پرسی سەرۆک وەزیران یەکلایی نەبێتەوە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەستەمە.