چەند وڵاتێکی دیکە لەسەر مێزەکەی دۆناڵد ترەمپن

ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە ڤێنزوێلا روویدا، تەواو پێشبینی نەکراو بوو بۆ جیهان و نەیارانی ئەمریکا. دۆناڵد ترەمپ، ئەو پیاوەی کە هیچ هێڵێکی سووری بەرامبەرەکەی ناخوێنێتەوە و دەتوانێت لەناو پایتەختی وڵاتاندا سەرۆکەکان قۆڵبەست بکات و راپێچی بەردەم دادگایان بکات؛ وەک خۆی دەڵێت، ئەو کارە تەنیا بە ئەمریکا دەکرێت و خاوەن بەهێزترین سوپا و تەکنەلۆجیای سەربازین و هێزە تایبەتەکانیان ئامادەن بۆ هەموو کردەیەکی مەحاڵ.

پاش دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤێنزوێلا و هاوژینەکەی لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا، جیهان چاوەڕوانی رووداوێکی دیکەی هاوشێوە دەکات. هەندێک لە وڵاتان هۆشدارییەکەی ترەمپیان پێگەیشتووە و لە رۆژانی ئایندەدا رووندەبێتەوە کێ دەبێت بە ئامانجی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ.

گرینلاند

هەرچەندە ئەمریکا بنکەیەکی سەربازیی لە گرینلاند هەیە بەناوی “پیتۆفیک”، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا چاوی بڕیوەتە تەواوی دوورگەکە و دەیەوێت بیلکێنێت بە خاکەکەیەوە.

ترەمپ ئەم خواستەی بەستووەتەوە بە ئاسایشی وڵاتەکەیەوە و بە ئاشکرا وتوویەتی، “پێویستمان بە گرینلاندە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، چونکە ناوچەکە پڕبووە لە کەشتیی چینی و روسیی”.

دوورگەی گرینلاند دەکەوێتە جەمسەری باکووری زەوی و نزیکەی %80ـی خاکەکەی بە سەهۆڵ داپۆشراوە، لەبەر ئەم هۆکارەش، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە 56 هەزار کەس تێناپەڕێت؛ هەرێمەکە لە چوارچێوەی شانشینی دانیمارکە و سێ هەزار و 200 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەمریکاوە دوورە.

گرینلاند، بە ماددە دەگمەنەکانی سروشت دەوڵەمەندە، کە بەکاردێن لە دروستکردنی مۆبایلە زیرەکەکان، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و کەلوپەلی سەربازی.

کۆڵۆمبیا

پاش تەنیا چەند کاتژمێرێک لە ئۆپراسیۆنەکەی ڤێنزوێلا، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە سەرۆکی کۆڵۆمبیا کرد و پێی وت “ئاگاداری خۆت بە”، بەو مانایەی کە دەکرێت دوای مادۆرۆ، نۆرەی ئەویش بێت و هەمان چارەنووس چاوەڕێی بکات.

کۆڵۆمبیا و ڤێنزوێلا دوو وڵاتی دراوسێن و یەدەگێکی گەورەی نەوتیان هەیە، جگە لەوەش، سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی زێڕە. لەگەڵ ئەوەشدا، دوو ناوەندی سەرەکیی بازرگانیکردنن بە ماددە کارتێکەرە ئەقڵییەکان، بەتایبەتی کۆکاین.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، کۆڵۆمبیا “لەلایەن پیاوێکی نەخۆش بەڕێوەدەبرێت کە کۆکاین دروستدەکات و بە ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکای دەفرۆشێت”.

کوبا

کوبا دەکەوێتە باشووری ویلایەتی فلۆریدا، لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووەوە لەژێر سزاکانی ئەمریکادایە، وڵاتەکە لە سەردەمی نیکۆلاس مادۆرۆ، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ڤێنزوێلا هەبووە.

ترەمپ لەبارەی ئەو وڵاتەوە رایگەیاند، ئەمریکا پێویستی بەوە نییە دەستوەردانی سەربازی لە کوبا بکات، چونکە وڵاتەکە “لە لێواری داڕماندایە”.

وتیشی، “پێموانییە پێویستبکات هیچ شتێک بکەین، هەموو شتەکان لەوێ روو لە خراپبوون دەکەن”، ئاماژەی بەوەشکرد، نازانم بەرگە دەگرن یان نا، بەڵام ئێستا کوبا بێ داهاتە، پێشتر هەموو داهاتەکانیان لە ڤێنزوێلاوە دەهات، لە نەوتی ڤێنزوێلاوە.

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان، نزیکەی %30ـی کۆی داهاتی کوبا، لەلایەن ڤێنزوێلاوە و بە پارەی نەوتەکەی دابیندەکرێت، بە رۆیشتنی مادۆرۆش، دۆخی ئابوریی هاڤانا زیاتر روو لە داڕمان دەکات.