پەیامێک لە بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بڵاوکردەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان چەند شەوێکی ناخۆشی بەڕێکرد، سوپاستان دەکەین بۆ خۆڕاگری و تێگەیشتنتان لە ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەمانی پێدا تێدەپەڕێت، هەر ئەوەش چاوەڕێدەکرێت لە خەڵکە ئازا و خۆشەویستەکەمان.

وتیشی، ئێمە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرجەم هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان خستووەتەگەڕ، لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەرکردەکانی ئـ.ـێران، ئەمریکا و تورکیا قسەمان کردووە بەمەبەستی پاراستنی کوردستان لەم بارودۆخە، لە دوای قسەکانی سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پزیشکییان، چاوەڕوانین کە ئاڵۆزییەکان لە هەرێمی کوردستان دووربخرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ناوی هەندێک لەو کەس و لایەنانەمان داوەتە بەغداد، کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی بەغدادین کە هەنگاوی جددی بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بنێت، من دەزانم هاوڕێکانمان لە بەغداد هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ بەرگرتن لە ئاڵۆزی زیاتر، بەڵام ئەگەر رێکار نەگیرایە بەر، ئەوا ئێمە خۆمان مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.

لە کۆتایشیدا رایگەیاند، عێراق وڵاتێکی خاوەن شارستانیی مەزن و مێژوویەکی تایبەتە، دەبێت هەموو هەوڵە شارستانییەکانیش بۆ سەقامگیری و ئاشتی هەر لەم ناوچەیەوە بن.