وەزارەتی کشتوکاڵ: ئاوی بەنداوی دەربەندیخان پێنج مەتر زیادیکردووە

وەزارەتی کشتوکاڵ، رایگەیاند، ئاوی بەنداوی دەربەندیخان پێنج مەتر زیادیکردووە.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بارانبارین لە زۆربەی دەڤەرەکان دوو تاوەکو سێ بەرامبەر زیاتری ساڵی پار باریووە و بەفریش ناوچەیەکی فراوانی گرتووەتەوە، بەمەش رێژەیەکی باش داهاتی ئاوی لە سەرچاوەکانەوە زیادکرد و کۆگاکردنی ئاو لە بەنداوەکان ئاستێکی باشیان تۆمارکرد.

دەشڵێت، لەو ماوەیە لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، زیاتر لە نیو ملیار مەتر سێجا ئاو کۆگاکراوە، دەربەندیخان پێنج مەتر و دوکان چوار مەتر ئاستی ئاو زیادیکردووە و بەنداوی دهۆک یەک ملیۆن مەتر سێجای کۆگاکردوە و 41 سم زیادیکردووە، گۆمەسپان داهاتی یەک ملیۆن مەتر سێجا بووە و 1 مەتر ئاستی ئاو زیادیکردووە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەکە، بەنداوە بچووک و مامناوەندەکانیش لە سنووری گەرمیان، سلێمانی، هەولێر و دهۆک کە توانیان بە سەلامەتی شەپۆلی لافاوەکە تێپەڕێنن، زۆربەیان پڕبوون ئەوانی دیکەش زیادیانکردووە و ئاویان گلداوەتەوە.