
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق قەدەغەی هاوردەکردنی 32 بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵیی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت ئەو بابەتە لە بەشێک لە میدیاکان گەورەکراوە و ئەوان وەک رۆتین مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بەستوون میدیای راگەیاند، بڕیارەکە بە هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق لە چوارچێوەی یاسا کشتوکاڵییەکان و بۆ پارێزگاریکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی، دراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، بابەتەکە لە بەشێک لە میدیاکان ”گەورە کراوە” و بە ئاراستەیەک بڵاویانکردەوە کە بڕیارەکە زیان بێت بۆ پێگەی ئابوریی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو بڕیارە لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک رۆتین مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و هیچ کاریگەرییەکی نییە.