لە کۆی حەوت هەزار زیندانیکراو تا ئێستا 530 زیندانی داعش لە سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، گواستنەوەی زیندانیکراوانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق خاوبووەتەوە و تا ئێستا 530 زیندانی گواستراونەتەوە.

چەند سەرچاوەیەک ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، پرۆسەی گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق روبەڕوی گرفت بووەتەوە.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، عیراق داوای كاتی لە ئەمریكا كردووە بۆ ئامادەكردنی بەندینخانەكانی، هاوکات وڵاتان ئامادەنین تیرۆریستانی داعش لە عیراق وەربگرنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، عیراق داوای لە ئەمریكا كردووە گوشار لە وڵاتان بكات بۆ وەرگرتنەوەی تیرۆریستانی داعش.

جێگەی ئاماژەیە، لە كۆی زیاتر لە حەوت هەزار تیرۆریست تائێستا 530 زیندانی داعش لە سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ عیراق.