قوباد تاڵەبانی: مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە و پێویستمان بە یەکڕیزییە

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەئارادایە و پێویستمان بە یەکڕیزی و کۆدەنگییە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێز تۆماسۆ سانسۆنی، کۆنسوڵی گشتیی ئیتاڵیا، باسمان لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش کرد لە ناوچەکەدا. ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش، دەبێت ئەو زانیارییانە زۆر بەجدی وەربگرین کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە، سەقامگیریی ناوچەکەمان بخەنە مەترسییەوە.

دەشڵێت، جەختیشم لەوەکردەوە، پێویستە لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی پێشوەختەمان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ئەم گرووپە تیرۆریستییە و بۆ ئەمەش لە رووی سیاسییەوە، پێویستیمان بە یەکڕیزی و کۆدەنگی هەیە، تا بتوانین لە رووی ئەمنی و سەربازیشەوە، بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بین و سەقامگیریی وڵاتەکەمان بپارێزین.