قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لاڤە حیکمەت کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ڕایگەیاند، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی کوردستان و جیهان دەکەین، ڕێز دەگرین لە هەوڵ و تێکۆشانی هەموو ئەو ژنە ئازا و خەباتکارانەی کار دەکەن بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستاندا.

وتیشی، بەم بۆنەیەوە لەگەڵ بەڕێز لاڤە حیکمەت کۆبوومەوە کە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە راسپێردراوە بۆ ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنەوەی ڕێکخراوی یەکێتیی ژنانی کوردستان، پشتگیریی و ئامادەیی تەواوی خۆمان دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک تا لەم ئەرکە نوێیەیدا سەرکەوتووبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، جەختمان کردەوە دەبێت یەکێتیی ژنان بە جۆرێک ڕێکبخرێتەوە کە ڕۆڵی تەواو ببینێت لە بە‌هێزترکردنی پێگەی ژنان و کچان لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها پلانی گونجاو و تایبەتی هەبێت بۆ پێگەیاندنی ژنانی سەرکردە و پێشەنگ لەناو کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا.