
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت، بە پێشبینیی ئەوان، قۆناغی دووەمی رێککەوتنی غەزە لە هەفتەکانی یەکەمی ساڵی 2026، دەستپێدەکات.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە میامی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، میسر و قەتەر، تاوتوێی پێشهاتەکانی رێککەوتننامەی غەزەی کرد، لە دوای واژووکردنی لە لوتکەی شەرەم شێخ.
فیدان پاش کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لایەنی ئەمریکی لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەسەر ئاوەدانکردنەوەی غەزە پێشکەشکردووە و ئەنقەرەش، بۆچوون و تێبینییەکانی خۆیان وتووە.
ئاماژەی بەوەشدا، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە سەبارەت بە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی کە لە “پلانی ئاشتی”ـدا هاتوون، سەبارەت بە غەزە، وەک خۆی وتی، “پێشبینیدەکەین قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە لە هەفتەکانی یەکەمی ساڵی نوێ دەستپێبکات، رەنگە بە راگەیاندنێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بێت”.