شارەزایەکی کەشناسی: کەشی دوو مانگی داهاتوو دڵخۆشکەرە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایدەکات، مانگەکانی دوو و سێ، بەفر و بارانێکی زۆر باش لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە مانگی 12ـی 2025ـوە رێژەیەکی زۆر باش بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە کە لە سەروو رێژەی ئاسایی بەفر و باران تۆمارکراوە لە سەرجەم ناوچەکانمان، ئەمەش سەرەڕای بەردەوامیی دیاردەی لانینا بە لاوازی لە زەریای هێمن، کە لە وەرزی رابردوو چەند ساڵی رابردوودا، یەکێک بووە لە هۆکارەکانی بەردەوامیی وشکەساڵی و کەمبارانی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بەگشتی، بەڵام ئەو دیاردەیە دیارە لە وەرزی ئەمساڵ زۆر لاواز بووە و کاریگەرییەکانی لەسەر کەشوهەوای جیهانی کەمتربووە و لە مانگەکانی داهاتووش، پێشبینی دەکرێت کۆتایی پێبێت و لە مانگەکانی وەرزی هاوینیشدا، دیاردەی ئێڵ نینۆ دەستپێبکاتەوە کە پێشبینی دەکرێت بۆ وەرزی 2026-2027، ئەم دیاردەیە لە زەریای هێمن بەردەوامیی ببێت، ئەمەش گۆڕانکارییەکی باش لە کەشوهەوای ناوچەکەدا دروستدەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی بەفر و بارانبارین بۆ ئەم مانگەی کە تێیداین، پێشبینی دەکرێت لە ئاستێکی نۆرماڵ بێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش باشتر دەبێت، زانیارییە دڵخۆشکەرەکە سەبارەت بە مانگی شوبات و ئازارە، مانگی 2 و 3ـی 2026 پێشبینی دەکرێت ئەو دوو مانگە رێژەی دابارینی بەفر و باران لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە سەروو نۆرماڵ بێت و چەندین شەپۆلی بەهێزی باران و بەفر لە ماوە جیاوازەکانی ئەو دوو مانگەدا، ناوچەکە بەگشتی بگرێتەوە، واتا پێشبینیی دووبارە گەڕانەوەی ماوەی وشکی درێژخایەن لە کەشوهەوای ناوچەکەدا ناکرێت تا کۆتاییەکانی وەرزی زستانی ئەمساڵ.

دەشڵێت، بۆ مانگەکانی وەرزی بەهاریش کە بەشێکی گرنگە لە وەرزی بارانبارین، هەر باش دەبێت، بەڵام پێشبینی بۆ وەرزی بەهار لە ئێستاوە زۆر دروست نییە، بۆیە ئەوەی کە گرنگە، بۆ ئەم وەرزی زستانە، پێشبینیەکان بەم شێوەیەن و دڵخۆشکەرن.