شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارینی هاوشێوەی مانگی 12 بەڕێوەیە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، دووەم بەهێزترین شەپۆلی بارانی ئەمساڵ لە ڕۆژانی داهاتوودا هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، دوابەدوای ماوەیەک لە لاوازبوونی شەپۆلەکانی بارانبارین و ناچالاکیی شەپۆلە مەدارییەکان، جارێکی دیکە هاوشێوەی مانگی 12ـی 2025، تەوژمەهەوایەکی شێدار لە ناوچە کەمەرەییەکان و لە باشووری زەریای ئەتڵەسیی باکوورەوە هەڵدەکاتەوە سەر ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و بارانبارینی زۆر و لافاو لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەستپێدەکاتەوە، بەتایبەت بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کاریگەرییەکی بەهێزتری دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتای دەستپێکردنی ئەو گۆڕانکارییە لە کەشوهەوای ناوچەکەدا، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە دەبێت لە رێکەوتی 12ـی 3ـی 2026ـەوە کاریگەرییەکانی تاوەکو 24ـی 3ـی 2026 بەردەوامیی دەبێت.

ڕاشیگەیاند، لە ماوەی ئاماژەپێکراودا، ناجێگیریی بەهێز لە کەشوهەوادا دروستدەبێت بەهۆی کۆبوونەوەی هەوای شێدار و گەرم لەگەڵ هەوای ساردی چینە بەرزەکانی ئاسماندا کە هۆکارن بۆ دروستبوونی کەڵەکەهەوری گەورەی سوپەرسێڵ کە هەورەبروسکەی توند و لێزمەباران و تەرزەیان لەگەڵدا دەبێت، بەتایبەت لە ڕۆژانی 15 و 16ـی مانگ، ناجێگیرییەکە بەهێزتر دەبێت لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەگەری بارینی بارانێکی زۆر دەبێت کە لە هەندێک شوێندا ئەگەری دروستبوونی لافاویشی هەیە لەگەڵ بارینی تەرزەی گەورە و دروستبوونی گەردەلوولی تۆڕنادۆ، بەتایبەت لە ناوچە گەرمەکاندا.

ئەو شارەزایەی کەشناسی ئەوەشی باسکردووە، لە 12ـی مانگ تاوەکو 24ـی مانگ کاریگەریی ئەو سیستمە بەهارییە ناجێگیرە درێژەی دەبێت، واتا بە درێژایی ئەو ماوەیە، ڕۆژانە لە کات و شوێنی جیاوازدا، تاوەتەرزە و بارانی بەخوڕ و هەورەبروسکە لەسەر ئاسمانی ناوچەکان دروستدەبێت و پلەی گەرمییش 3 تا 5 پلە بەرزدەبێتەوە، هەوا تا ڕادەیەک لە ڕۆژدا فێنک دەبێت و لە شەواندا سارد دەبێت.

ئاراس جەبار پێشبینی دەکات، ڕێژەی باران لەنێوان 12 تاوەکو 24ـی مانگ، بەم شێوەیە بێت:

– ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک، هەولێر، هەڵەبجە، ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین لە 150 ملیم تا زیاتر لە 300 ملم.

– ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک و بەگشتی ناوچە نزمەکان و ناوچەکانی عێراق 70 ملیم تا زیاتر لە 150 ملیم.