
شارەزایەکی کەشناسی رایگەیاند، شەپۆلێکی بەفربارین روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە ناوچە شاخاویییەکان 30 بۆ 50 سانتیمەتر بەفر دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، شەپۆلێکی بەفربارین لە وڵاتی تورکیا و باکووری کوردستان و سوریاوە دەستیپێکردووە و بەفرێکی زۆر لەو ناوچانە باریوە.
راشیگەیاند، کاریگەریی شەپۆلەکە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا و بەتایبەت لە نیوەی شەودا زیاتر دەبێت و بەفربارینێکی چڕ سەرجەم ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و باکووری هەولێر و ئیدارەی سۆران دەگرێتەوە و ئەگەری بارینی 30 تا 50 سانتیمەتر بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و هەولێر دەبێت.
ئەو کەشناسە راشیگەیاند، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ئێوارەی سبەی پێنجشەممەوە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و سنووری ئیدارەی راپەڕین دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێتەوە و لە سەنتەری شارەکانیش بارانی مامناوەند و پچڕ پچڕ دەبارێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە سنووری گەرمیان و کەرکوک بەگشتی کاریگەریی لاواز دەبێت و بارانی کەم بۆ مامناوەندی پچڕ پچڕ، هەندێک کات لە رۆژی هەینیدا دەبارێت. بە وتەی ئاراس جەبار، لە بەرەبەیانی شەممە، 3ی کانوونی دووەمی 2026، کاریگەریی شەپۆلەکە کۆتایی پێدێت و کەش جێگیر دەبێتەوە.