رۆیتەرز: فڕۆکە و سەربازانی ئەمریکا گەڕاونەتەوە بنکەی عودەید

پاش ئەوەی دوێنێ هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عودەید خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لە ئێستادا دۆخی ئەمنیی بنکەکە ئاسایی بووەتەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئەمنی رایگەیاند، ئەو فڕۆکانەی دوێنێ بنکەی عودەید-یان جێهێشتبوو، لە ئێستادا وردە وردە دەستیان بە گەڕانەوە کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەهەمان شێوە ئەو سەربازانەی کە دوێنێ ئێوارە داوایان لێکرابوو لەگەڵ خێزانەکانیان بنکەکە جێبهێڵن، رێگەیان پێدراوە بچنەوە ناو بنکەکە و دەست بە کارکردن بکەنەوە.

جێگەی ئاماژەیە، ئاژانسی رۆیتەرز پێشتر بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ بنکەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەڕ کە گەورەترین بنکەی هێزەکانی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەلایەن ئەمریکاوە چۆڵکرا و داوا لە سەربازەکان کرا بچنە هۆتێل و میوانخانەکان.