دواى 22 ساڵ ئەرکى یۆنامى لە عێراق کۆتاییهات

دواى 22 ساڵ، لە 31ـى کانوونى یەکەمی 2025 ، بە فەرمى ئەرکى یۆنامى لە عێراق کۆتایی هات

ساڵی 2003 یۆنامی پێکهێنرا

لەدواى ڕووخانى دەسەڵاتى بەعس لە ساڵى 2003، لەسەر داواى عێراق  و بە بڕیارى ژمارە 1500ـى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى، نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق ناسراو بە ( یۆنامى) پێکهێنرا.

پێشکەشکردنى ڕاوێژ و پاڵپشتى بە گەل و حکومەتى عێراق

ئەرکى یۆنامى لە عێراق بریتیی بوو لە پێشکەشکردنى ڕاوێژ و پاڵپشتى بە گەل و حکومەتى عێراق، بۆ بەهێزکردنى دیالۆگى سیاسى و ئاشتەوایی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی، لە ڕێگەى هاوکاریکردنى لە پرۆسەى هەڵبژاردن و دیالۆگى نێوان عێراق و دراوسێکانى و پاراستنى مافى مرۆڤ و چاکسازى دادوەری و یاسایی.

نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بووە

یۆنامى لەلایەن نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەرۆکایەتیی دەکرا کە دواهەمینیان محەممەد حەسانە.

24ئاژانس و سندوق و پرۆگرامى تایبەتمەند لە خۆدەگرێت

یۆنامى 24ئاژانس و سندوق و پرۆگرامى تایبەتمەند لە خۆدەگرێت و نزیکەى 648 کارمەندى لە عێراق هەیە کە 251 کارمەندیان نێودەوڵەتى و ئەوانى دیکەش عێراقین.

لە ساڵی نوێوە ئەرکی تەواوکردنی کارە تەواونەکراوەکان دەبێت

ساڵى ڕابردوو لەسەر داواى عێراق کارى یۆنامى لە عێراق تاوەکو 31ـى کانوونى یەکەمى 2025 درێژکرایەوە، لە ساڵى نوێوە یۆنامى تەنیا ئەرکى بریتی دەبێت لە تەواوکردنى ئەرکە تەواونەکراوەکانى.

وەزارەتی دەرەوە پلانی داخستنی نێردەکە دەبێت

ڕۆژى سێشەممەش حکومەتى عێراق، دەسەڵاتى دایە فوئاد حسین وەزیرى دەرەوە بۆ واژۆکردنى یاداشتنامەى پلانى داخستنى نێردەکە لە عێراق و پێداویستییە ئەمنییەکانى گواستنەوەى بارەگاى سەرەکى یۆنامى لە بەغداد و لقەکانى دیکەى بۆ حکومەتى عێراق.

بەرپرسێکى عێراقى بە ئاژانسى فرانس پرێسى ڕاگەیاندووە، کۆتاییهاتنى ئەرکى یۆنامى دووپاتیدەکاتەوە عێراقى ئەمڕۆ  عێراقى ساڵانى 2003 و 2013 نییە.

دوو هەفتە لەمەوبەر و بەبۆنەى کۆتاییهاتنى ئەرکى یۆنامى لە عێراق، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانى عیراقى کرد و جەختیکردەوە لە بەردەوامى هەماهەنگییەکانى نێوان عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان و بەردەوامى پاڵپشتییەکانیان بۆ عێراق لە پرۆسەى ئاشتى و پەرەپێدان و مافەکانى مرۆڤ لە ڕێگەى ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان و پرۆگرامە بەرکارەکان لە عێراق.