حکومەتی عێراق لە چ بارودۆخێکدا ئەو دوو مووچەی کە ماوە خەرجیدەکات؟

شارەزایەکی بواری ئابوری رایدەگەیەنێت، رێی تێدەچێت لە رێگەی گفتوگۆی سیاسییەوە، حکومەتی عێراق مووچەی مانگەکانی 11 و 12 رەوانەبکات.

نەوزاد هەمەوەندی، شارەزای بواری ئابوری بە ستوون میدیای راگەیاند، بە هیچ یاسایەکی ئابوری و کارگێڕی لە عێراق، ناتوانرێت کارێک بکرێت کە مووچەکانی مانگی 11 و 12ی منووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت.

وتیشی، بەڵام رێی تێدەچێت کە لە رێگەی گفتوگۆی سیاسییە و بە رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئەو دوو مووچەیەی کە خەرجنەکراون، ئەگەر بڕێکیشی بێت، خەرجبکرێت.

سەبارەت بە ناجێگیریی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، نەوزاد هەمەوەندی روونیکردەوە، ئێستا حکومەتی عێراق کاربەڕێکەرە و یاسای بودجەش بەسەرچووە، هەروەها بانکی ناوەندیی عێراق تەنیا بەرگریی لەوە دەکات بەهای دینار بە تەواوی دانەڕوخێت، بۆیە گرنگترین کارێک کە بکرێت ئەوەیە یاسای بودجەی نوێ دابڕێژرێت و بەهای دۆلاری تێدا جێگیربکرێت.