جەنگی ناوخۆیی ئێران لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە؟

ڕەنگە ئیسرائیل پێشوازی لە پشێویی دوای ڕووخانی ڕژێم بکات، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی توانای بەرگەی ئەو دەرەنجامەیان نییە.
گۆڕینی ڕژێم بە (ژەنینی مۆسیقای بێ نۆتە) ». بەو دەستەواژەیە، لێکۆڵەری دیاری کاروباری ئێران «کەریم سجادپوور»، ستراتیژیی ئیدارەی ترەمپی لەو جەنگەی دژی ئێران هەڵگیرساوە، کورت کردەوە. بەداخەوە، ڕەنگە ئەم وەسفە ڕاستترین دەربڕین بێت بۆ ئەو شێوازە پەرتوبڵاو، گۆڕاو و تەمومژاوییەی کە ئەم ڕۆژانە لە واشنتۆنەوە دەردەچێت.
سەرۆک ئەم جەنگەی دەستپێکرد لەکاتێکدا هانی ئێرانییەکانی دەدا بۆ ڕووخاندنی حکومەتەکەیان. ڕەنگە وای وێنا کردبێت کە ڕژێمەکە دەستبەجێ هەرەس دەهێنێت. کاتێک لە ماوەی ڕۆژێک یان دوواندا ئەوە ڕووی نەدا، وتارەکەی گۆڕی و باسی لە ئەگەری مامەڵەکردن لەگەڵ کەسایەتییە ئەگەرییەکانی ناو ڕژێم کرد، و کەوتە پیاهەڵدان بە نموونەی دەستوەردانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا و بە نموونەیەکی “بێوێنە” وەسفی کرد؛ چونکە لە کۆتاییدا نەبووە هۆی گۆڕینی ڕژێم و تەنها بە دەستگیرکردنی دوو کەس کۆتایی هات.
وەزیری بەرگری «پیت هیگسێس» بە ڕاشکاوی ڕەتی کردەوە کە ئەمە «جەنگێک بێت بۆ گۆڕینی ڕژێم»، «ئێلبرێدج کۆڵبی» یاریدەدەری باڵاشی هاوڕای بوو. هەردووکیان وتیان ئامانجەکە تەنها لاوازکردنی تواناکانی سەربازیی ئێرانە؛ ئەو هێزانەی کە پێشتر گوترابوو بەشێکی گەورەیان لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لە هێرشێکی ئاسمانی ١٢ ڕۆژەدا “تەفروتونا” کراون.
بەڵام ترەمپ، لە وەرچەرخانێکی نوێدا، گەڕایەوە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردە کوردەکان لە ئێران و عێراق، و بەڵێنی پشتگیری پێ دان ئەگەر بەشداری لە شەڕەکەدا بکەن، نەک تەنها بۆ لاوازکردنی هێزی سەربازی، بەڵکو بۆ بەشداریکردن لە ڕووخاندنی حکومەتی تاران و ڕەنگە گۆڕینی سنوورەکانی خودی ئێرانیش. ترەمپ ئێستا ڕایگەیاندووە کە هیچ ڕێککەوتنێک نابێت بێ “خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج”ی ئێران. بەم شێوەیە، ئامانجەکە جارێک لە گۆڕینی ڕژێم دوور دەکەوێتەوە و جارێکی تر بۆی دەگەڕێتەوە.
مەترسیدارترین شت لەم جەنگەدا ئەوە نییە کە پاڵەوانەکەی (سەرۆک) وەک ژەنیارێکی ساکسەفۆن ئیمپرۆڤیزە دەکات، بەڵکو ئەوەیە کە ئەو دوو دەوڵەتەی (ئەمریکا و ئیسرائیل) شەڕەکە دەکەن، بەپێی دوو ئەجێندای جیاواز و تەنانەت دژبەیەک دەجووڵێنەوە.
بۆ «بنیامین نەتانیاهۆ»ی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەم جەنگە بە ڕوونی پەیوەندی بە لەناوبردنی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، و دانی بەوەدا نا کە ئەمە لووتکەی خەونێکی چل ساڵەیەتی. ئەو ئەم هەلە دەقۆزێتەوە بۆ هەڵکێشانی ڕەگی “حیزبوڵڵا”ش. ستراتیژیی سەربازیی ئیسرائیل ورد، چڕ و یەکگرتوو بووە؛ هێرشەکانی سەری سەرکردایەتی ئێران دەپێکن، هێزە سەربازییەکانی تێکدەشکێنن و وەک «وۆڵ ستریت جۆرناڵ» دەڵێت: بە شێوەیەکی سیستماتیک خەریکی هەڵوەشاندنەوەی بنکە و دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئێرانن، بە جۆرێک کە ڕژێمەکەی خستووەتە لێواری هەرەس هێنان.
ئەگەر ئەم ڕێڕەوە بەردەوام بێت، ڕەنگە ئیسرائیل سەرکەوتوو بێت لە پێکانی ئامانجەکەی، بەڵام ئەوە بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات لە ناوخۆی وڵاتدا جێدەهێڵێت، کە ڕێگە بۆ یاخیبوون خۆش دەکات و ئەگەری خلیسکان بەرەو جەنگی ناوخۆیی زۆرتر دەکات. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە ئەم ڕژێمە، هەر لایەنێک بیەوێت دەسەڵاتی لێ بستێنێتەوە، بەرگری لە خۆی دەکات. نزیکترین نموونەش سووریایە؛ وڵاتێک کە زیاتر لە دە ساڵ لە جەنگی ناوخۆدا نوقم بوو، سەدان هەزار کەس تێیدا کوژران و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.
ئێران، وەک «تۆم فریدمان» نووسیویەتی، وڵاتێکە بە ئاسانی دەتەقێتەوە. چەندین پێکهاتەی ئەتنی جیاوازی تێدایە (کورد، ئەرمەنی، ئازەری) کە هەموویان پەیوەندییان بە وڵاتانی دراوسێوە هەیە. مێژوو نیشانی داوە، لە بالکانەوە تا عێراق، کاتێک ڕژێم دەڕووخێت و بۆشایی دەسەڵات دروست دەبێت، خەڵک دەگەڕێنەوە بۆ سەر ناسنامە سەرەتاییەکانی خۆیان و متمانە بەوانی تر لەدەست دەدەن، لێرەشەوە جەنگی ناوخۆ دەست پێدەکات.
ئەوەی سووتەمەنی ئەم جەنگە زیاد دەکات، بوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆری چەکداری ئایدیۆلۆژییە (وەک سوپای پاسداران کە ٢٠٠ هەزار کەسن و بەسیج کە سەدان هەزارن، جگە لە ٤٠٠ هەزار سەربازی سوپای ئاسایی). وەک چۆن سوپاکەی سەددام حوسێن دوای هێرشی ئەمریکا هەڵوەشایەوە و دواتر بە شێوەی یاخیبوونی چەکداری گەڕانەوە، دەکرێت سوپای پاسدارانیش بە جلی جیاوازەوە بجەنگن بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە هەر دەسەڵاتێکی نوێ کە کۆنترۆڵی وڵات بکات. لە لیبیاش، دوای ١٤ ساڵ لە ڕووخانی قەزافی، هێشتا وڵات خاوەنی یەک دەسەڵاتی ناوەندی نییە؛ چونکە ڕووخاندنی دەوڵەت زۆر ئاسانترە لە دووبارە بونیادنانەوەی.
بۆ ئیسرائیل، ڕەنگە ئەمە ئەنجامێکی قبووڵکراو بێت؛ چونکە لە مەترسیدارترین دوژمنی ڕزگاری دەبێت، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی پشێوی لە ئێران و لوبنانیش. جەنگی ناوخۆی سووریاش لە ڕاستیدا ئاسایشی ئیسرائیلی باشتر کرد؛ چونکە چیتر ڕووبەڕووی دەوڵەتێکی عەرەبی گەورە نەدەبووەوە. بەڵام جەنگی ناوخۆ لە ئێران خزمەت بە بەرژەوەندیی ئەمریکا و هاوپەیمانە عەرەبەکانی ناکات، کە دەیانەوێت ناوچەکە سەقامگیر بێت بۆ ئەوەی نەوت و کاڵا و پارە بە ئازادی هاتوچۆ بکەن.
واشنتۆن پێویستی بەوەیە ڕێگەیەک بدۆزێتەوە کە دەستکەوتەکانی ئەم جەنگە (ئێرانێکی بێ چەک و بێ ددان) بپارێزێت، بێ ئەوەی وڵاتەکە بەرەو جەنگی ناوخۆ پاڵ بنێت. هێشتا ڕێگە هەیە بۆ کۆتایی هێنان بەم جەنگە، وەک هەمیشە قەتەر دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیرێکی سوودبەخش بگێڕێت، بەڵام کات خەریکە تەواو دەبێت؛ چونکە ئەم جەنگە لە خاڵێکدا دەگاتە سنوورێک کە چیتر کەس ناتوانێت کۆنترۆڵی لێکەوتەکانی بکات.

سەرچاوە: المجلة + فۆرین پۆلیسی
وەرگێڕان: د.حلمى رەسوڵ رەزا