ئاژانسی تەسنیم: هێزێك هێنراوەتە هەولێرو ئەركەكەی هاوشێوەی رفاندنی سەرۆکی ڤەنزوێلایە


ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لەراپۆرتێکدا دەڵێت، دوای کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لەبنکەی سەربازی ئەسەد و بنکەی فڕۆکەخانەی بەغدا، هێزێکی سەر بە فیرقەی 101ی پەڕەشوتوان لە شاری هەولێر جێگیرکراوە، کە ئەرکەکانیان هاوشێوەی هێزی دەلتایە، لەپلانیاندایە کردەوەیەکی هاوشێوەی رفاندنی سەرۆکی ڤەنزوێلا ئەنجامبدەن.

ئاژانسی تەسنیم لەراپۆرتەکەیدا باسی لەوەکردوە،” کۆبونەوەکانی ئەم دواییەی فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئاماژەیەکی ڕونن بۆ دروستبونی گرژی لەناوچەکە، بەتایبەت کە زانیاری هەیە هێزی فیرقەی 101ی پەڕەشوتوان لە هەرێمی کوردستان جێگیرکراوە، کە ئەم هێزەش ئەرکی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی دابەزینی ئاسمانییە و لە ئۆپراسیۆنە ئاساییەکاندا بەکارناهێنرێن “.

ئەو ئاژانسە ئێرانییە ئاشکراشیکردوە، هێزەکانی ئەمریکا لەرێێ ئەو هێزەوە لە هەولێرەوە ئۆپراسیۆنێکی دابەزینی ئاسمانی ئەنجامبدات، تەنانەت ئەگەر لەناو خاکی ئێران بێت، یانیش هەر لەناو خاکی عێراقدا.

لەڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە،” هێزی فیرقەی 101 ئەرکەکانی هاوشێوەی هێزی دەلتایە، بونی ئەو هێزەش لەهەولێر ئاماژەیەکی مەترسیدارە و پێویستە حکومەتی عێراق هەڵوێستی ڕونی هەبێت لەوبارەیەوە، هەروەها لێپرسینەوەش لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت کە ئەو هێزە بە چ ئامانجێک لە هەولێرن “.

ئاژانسی تەسنیم ئەوەشیخستەڕوو، لەماوەکانی رابردودا هێزەکانی ئێران چەندین مانۆڕی سەربازی دژە ئۆرپراسیۆنی دابەزینی ئاسمانی ئەنجامداوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ سەر کردەوەیەکی ئەمریکی بۆ سەر خاکی وڵاتەکە.