
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایگەیاند، بۆردومان نەوەستاوە و ئێستاش نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەناو “وەزارەتی بەرگری”ـی حکومەتی دیمەشق بانگەشەی ئاگربەست و وەستانی شەڕ لە گەڕەکی شێخ مەقسوود دەکات، ئەمەش هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەم بانگەشانە ناڕاستن و میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشق، بەردەوامن لە بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی مەدەنیی خالید فەجر بە تانک و درۆن و لە ئەنجامدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیی مەدەنی برینداربوون، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و نۆرمە مرۆییەکانە.
دەشڵێت، کەمێک لەمەوبەر، هێزەکانمان هێرشێکی توندیان بەرپەرچدایەوە کە لەلایەن میلیشیاکانەوە بۆ سەر بەشی رۆژئاوای گەڕەکی شێخ مەقسوود ئەنجامدرا و دەبابەیەکیان تێکشکاند.