ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: ئاگربەست شکستیهێنا و هێرشی گەورە بەڕێوەیە

ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایدەگەیەنێت، ئەو هەواڵانەی باس لە ئاگربەست دەکەن لە حەلەب ”دوورن لە راستییەوە”، هاوکات دەشڵێت، ئامادەکاری دەکرێت بۆ هێرشی گەورە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزەکانمان پشتڕاستیدەکەنەوە کە ئەو هەواڵانەی باس لە ئەنجامدانی ئاگربەست دەکەن لە حەلەب، دوورن لە راستییەوە و بەمەبەستی شێواندنی راستییەکان و چەواشەکردنی رای گشتی، بڵاودەکرێنەوە.

ئاماژە بەوەش دەدات، هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست شکستیهێنا، بەهۆی ئەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق سوور بوون لەسەر پەرەسەندنی دۆخەکە لە رێگەی سەربازییەوە و ئامادەکاریکردن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا.

ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ئەوەشی خستەڕوو، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، چوار هێرشی یەک لە دوای یەکیان بە سوودوەرگرتن لە تانک و زرێپۆش ئەنجامدا و سەرجەمیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە پاڵپشتیی دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، تێکشێندراون.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە، “هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی واقعی سەربازیی لە رێگەی شێواندنی راستییەکان لە میدیا و پەرەسەندنی گرژییەکان بێ سزا تێناپەڕێن و لایەنی هێرشکار بەرپرسیارێتیی تەواو لە ئەستۆ دەگرێت لە هەر کاردانەوەیەکی جددی کە رەنگە لە ئەنجامی بەردەوامبوونی ئەم رێبازە شەڕانگێزییە بێتە ئاراوە”.